|

شازادەی پۆپی کوردی “دەشنێ موڕاد” بۆچی پارەی چوونە دەرەوەیەکی پێ نییە ؟
دەشنێ موڕاد: حەزم لە کوڕی لووس نییە، ئەبێ خۆشەویستەکەم بزانێ خوێ لە چییەوە دروست بووە
سەعاتەکەی دەشنێ بۆ شووکردن تیک تاک دەکات
زۆری ئەو دیمانانەی بڵاودەکرێنەوە مەبەستی قسەی دەشنێ نین
لە تەلەفزیۆنە تازەکەمان گەنج قسە دەکات
دوای ئەوەی توانی وەک یەکەم هونەرمەند قۆناغێکی تازە بخاتە نێو هونەری کوردییەوەو لە گەورە کەناڵێکی جیهانی عەرەبی وەکو “رۆتانا” ڤیدیۆ کلیپەکەی بوەشێندرێت، شازادەی پۆپی کوردی “دەشنێ موڕاد” رایگەیاند کە ئێستا خەریکی بەرهەم هێنانی ئەلبوومی سێیەمیەتی و پێی وایە ئەم ئەلبوومەی وەک بۆمبێک دەتەقێتەەوە، دەشنێ لە میانەی دیمانەیەکیدا باس لە پڕۆژە تازەکانی، هاوکات ئەو رەخنەو هێڕشە ئیعلامیانەی کەوتوونەتەسەری و چەند لایەنێکی ژیانی تایبەتی خۆی دەکات.
دەشنێ سەبارەت بەوەشاندنی کلیپە تازەکەی “شیکە واوا” لە کەناڵی رۆتانا گووتی “مامۆستا هەڵکەوت زاهیر پەیوەندی زۆر بەهێزی هەیە لەگەڵ هونەرمەندە عەرەبەکان تایبەت لەگەڵ دەرهێنەری جیهانی “فادی حەداد” و “رۆتانا”، بۆیە ئەگەر ئەو نەبووایە بۆ من هەر خەونێک ئەبوو، بەڵام ئەو زۆر خۆی لەگەڵ من ماندوو ئەکات و کارم لەسەر ئەکات، ئێمە ئامانجمان لەم کارە تەنیا ئەوەبوو کە هونەرمەندی کوردیش بەتوانایەو ئەتوانێ لە کەناڵێکی جیهانی کارەکانی بوەشێندرێت، دواتریش وەک هونەرمەندێک ئەم کارەمان کرد چونکە هونەر زمانێکی جیهانییەو پەیوەندی ئەوتۆی بە نەتەوەو سیاسەتەوە نییە.
دەشنێ زیاتر گوتی “ستافێکی 50 کەسی کاریان لەم کلیپەی من واتە “شیکە واوا” کردووە، کارەکەش لەسەر بودجەی کۆمپانیای “شانێل موزیک” ئەنجام دراوەو پارەیەکی زۆر زۆری تێچووە نامەوێ بڕەکەی دەستنیشان بکەم.
دەشنێ ئەوەشی خستۆتە ڕوو کە زۆر خەڵک کە بەشێکیان هونەرمەندیشن پێیان گوتووە “بۆچی ئەم هەموو پارەیە ئەخەیتە ناو کلیپەکەوە، بەشێکی کەمی تێکە ئەوی تر بۆ خۆت سەرف کە چونکە کورد شایەنی ئەوە نییە”، بەڵام من زۆر بەڕاستگۆیانە لەگەڵ مامۆستا هەڵکەوت زاهیر کار بۆ کورد ئەکەین و ئەو بودجەیەی دەستمان کەوێت لە کارەکانمانی سەرف ئەکەین، قەینا با من خانووم نەبێت، سەیارەم نەبێت، با جارێ بە تاکسی هاتوچۆ بکەم بەڵام با کارەکانم پڕۆفیشناڵ بێت و ئاستێکی جیهانییان هەبێت، هەندێ شت هەیە خۆش نییە باسی کەم بەڵام من زۆر جار لە دوا هەفتەی مانگەکە پارەی هاتووچۆ یان دانیشتنێکی دەرەوە یا کڕینی جلێکم پێ نەماوە، بەڵام ئەمەوێ ئەوە بگەیەنم کە من جەماوەری خۆم زۆر خۆش دەوێت و هەر پارەیەکم دەستکەوێت تا دوا سەنتی لە هونەرەکەمی سەرف ئەکەم.
زۆر جار ئەوە دەبیسترێ لای خەڵکییەوە کە لەو گرووپەی کە هونەرمەند هەڵکەوت زاهیر کاریان بۆ دەکات تەنیا دەشنێ موڕاد توانی سەرکەوتنی بەرچاو بەدەست، ناوبراو لەم بارەیەوە گوتی “زۆر سوپاسی ئەو خەڵکە دەکەم و خۆشەویستی زۆرم بۆ جەماوەرەکەم هەیە، بەڵام رەنگە ئەوەی کە ئەم قسەیەی کردبێ زیاتر جەماوەری من بووبێت، چونکە من وای دەبینم هەموو ئەوانەی هەڵکەوت زاهیر کاریان بۆ دەکات سەرکەوتوون هەر لە لۆکە و میرا و هانییەوە تا دەگاتە دواترین کەس کە کاری بۆ بکرێت.
دەشنی زۆر عەجول و هاروهاج دیارە ئەمەش بەگشتی لە کلیپەکانی هەستی پێ دەکڕیت، لە بارەی ئەوەی کە دەشنێ ئەکتەری بکات لە کلیپەکانیدا یا ئەمە خودی دەشنێ خۆیەتی گوتی “من ئەکتەر نیم لەسەر شاشە، خۆم هەر زۆر عەجول و شێتانەم، بەڵام ئەم دوو ساڵەی دوایی زۆر هیلاکم بەهۆی سوکایەتی کردنی ئەو خەڵکەو هەوڵدانی دروستکردنی موئامەرە بۆ لەناوبردنت، بەڵام ئێستا بیرم کردۆتەوە کە نابێت ئیتر بیر لە قسەی خەڵک بکەمەوەو هەوڵ ئەدەم رۆژانە ئارام بم لە ماڵەوە، زیاتر ئەخەوم و کتێب زۆر ئەخوێنمەوە، سەیری هەواڵ و فیلم زۆر ئەکەم بۆ ئەوەی کە ئارام بم و زانیار و خەیاڵی تازە وەرگرم، بەڵام ئەوەی کە لە کلیپەکاندا دەبینرێت ئەو دەشنێ قوڵەیە کە لە ناوەوە دەجولێت، من ناتوانم لێرە شێتانە بجولێمەوە، بۆیە ئەمەوێ ئەم شێتییە لە کلیپەکانم دەرخەم، وەک چۆن هونەرمەندی جیهانی “بیۆنسێ” دەڵێت من لەسەر ستێچ ناوم “شاسیەر فێرس”ـە، منیش لەسەر شانۆ دەشنێ موڕاد نیم بەڵکو “داشنی”ـم، داشنی ئەو کچەیە کە ئەڵی “واااااااااااااااااو”، کە بۆخۆی ئەجولێتەوە، هەموو مرۆڤێک بەشێکی شێتی تیایە، لە ئەوروپا زیاتر بەچونە دیسکۆوە دەری ئەبڕن، لە کوردستان بە سەیران و سەرچۆپی و ئاڕەق دەڕی ئەبڕن، منیش لە کلیپەکانم ئەم بەشە شێتیەی خۆم پیشان ئەدەم.
دەشنێ موڕاد لە زۆربەی راگەیاندنە عەرەبی و ئاژانسە جیهانییەکاندا نازناوی شازادەی پۆپی کوردی یان شاکێرای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یاخووت یەکەم هونەرمەندی کوردی پێدراوە، هاوکات تا ئێستا هیچ کام لە میدیا کوردییەکان ئامادەنەبوونە ئەم راستییە پیشان بدەن، دەشنێ لەم بارەیەوە گوتی “سەرەتا من زۆر سوپاسی ئە راگەیاندنکارانە ئەکەم کە گرنگی بەکارەکانی من ئەدەن و من نزیک ئەکەنەوە لە گوێگرەکانم، چونکە من زۆر ئەوانم پێویستە ئەوانیش بەهەمان شێوە پێویستیان بەئێمە هەیە، لە هەمان کاتدا بەشێکیان هیچ کارێکیان نییە تا بۆ تێکدانی کەسایەتی هونەرمەند کار دەکەن تەنیا لەبەر ئەوەی چەند دانەیەک لە گۆڤارەکەیان یا رۆژنامەکەیان زیاتر بفرۆشرێت، ئەوانەی کە ناحەقیم لەگەڵ ئەکەن هیچیان پێ ناڵێم تەنیا ئەیاندەمە دەستی خوای گەورە و پێیان ئەڵێم “خوا حەقی منیان لێ بسەنێت”.
دەشنێ گوتی “لە ئامادەکارییم بۆ پڕۆژەیەکی تازە، ئەویش تۆمارکردنی گۆرانییەکی ئینگلیزییە، لەگەڵ یەکێک لە گەورەترین پرۆدیوسەری هۆڵەندا قسەمان کردووەو رێککەوتووین، لەگەڵ مامۆستا هەڵکەوت زاهیر لە داهاتوویەکی نێزیک هەوڵ دەدەین گۆرانییەکی ئینگلیزی ئامادەبکەین و بیدەینە کەناڵە جیهانییەکان”.
دەشنێ زیاتر گوتی “6 ساڵە پشتگیری گروپێکی خێرخوازی ئەکەم لە هۆڵەندا، ئێستاش لە کوردستان خەریکی کارێکی خێرخوازیم بۆ منداڵان بەڵام نامەوێ ئێستا باسی لێوە بکەم”.
دەشنێ لە بارەی تایبەتمەندییەکانی ئەو کوڕەی کە ئاشقی دەبێت گوتی “دەبێت باڵای بەرز بێت، دەبێت تەمەنی لە 30 کەمتر نەبێت، چونکە من ئێستا 24 ـم و حەزم لە کوڕێ نییە کە لە تەمەنی خۆم بێت بۆ خۆشەویستی، ئەبێت چاوی زۆر جوان بێت (بەشەرمەوە)، و لەشێکی جوانی هەبێت، من لام گرنگ نییە کە پیاو زۆر جوان بێت دەم و چاوی، چونکە جوانی زیاتر بۆ کچە، ئەبێ ئەو کوڕە پیاوانە بێت و قژی زۆر جێڵی پێوەنەبێت یەک تۆز چاک کرابێت و قۆپچەیەکی خوار داخستبێت، نابێت لووس بێت، حەزم لە کوڕی لووس نییە، جگە لەوەش ئەبێ زۆر رۆشنبیر بێت و زانیاری لە هەموو شتێک هەبێت، لە رووی سیاسەت و کولتورەوە ئاگاداری وڵاتانی تر بێت، ئەبێ زۆر رۆشنبیر بێت، تەنانەت ئەبێ بزانێ خوێ چۆن درووست بووە، ئەبێ متابع بێت و بخوێنێتەوە.
سەبارەت بە کاتی شووکردنەوە دەشنێ گوتی “من زۆر جار ئەڵیم کاتێک کە بووم بە 30 ساڵ شوو ئەکەم، بەڵام کچ زۆر جار کە ئەگاتە تەمەنی 22 تا 25 ساڵەوە هەست ئەکەی سەعاتەکەی تیک تاک ئەکات، حەز ئەکا شوو بکات و منداڵیک لە باوەش بگرێت چونکە من زۆر ئاشقی منداڵم، ژیان هەر کارکردن نییە، بەڵام من مێشکم زاڵترە بەسەر دڵم، چونکە دڵی کچ زیاتر حەزی لە منداڵ بەخێوکردنە، بەڵام خۆم زاڵ کردووە و بەخۆم دەڵێم “دەشنێ، نەخێر بووەستە تا 30 ساڵی و تەواو”.
دەشنێ گوتی “من زۆر وەسواسم و لە کارکردن زۆر قەلەقم، ئەمەوێ کارەکانم لە هەموو ڕوویەکەوە جوانترین بێت، بەم هۆیەوە زۆر جار توشی ناخۆشی بوومە لەگەڵ ستافی کارکردن، لەگەڵ ستافی بێ کۆنتڕۆل هەموو رۆژێک شەڕم بووە، هەموو رۆژێک ئەگریام، بەڵام ئێستا من لەگەڵ ستافێک کار دەکەم کە لێم تێ ئەگەن و ئەزانن چیم ئەوێ، ئەزانن کاتێک شتێک دەڵێم بۆ جوانتر کردنی کارەکەیە، بۆیە لێک تێگەشتن ناخۆشی کەم دەکاتەوە.
لە بارەی پرۆژەی تازەوە دەشنێ گوتی “بۆ یەکەم جارە ئەمە بۆ راگەیاندن باس دەکەم، بەڵام خەریکی تۆمارکردنی گۆرانیم بۆ ئەلبوومی سێیەمم، رەنگە بڵێن “ئۆهـــ” هەر لە ئێستاوە؟!، بەڵام کاری ئەم جارەم زۆر جیاواز دەبێت و دەمەوێت زیاتر لە ساڵێک کاری بۆ بکەم، ئەبێ بە سەپڕایزێک دەرکەوم و دووبارە وەک شیکە واوا قۆناغێکی تر بێمە پێشەوە، ئێستا خەریکی تۆمارکردنی گۆرانییەکم بۆ ئەلبومەکەم بەناوی “کۆپی”، کچێک هەیە زۆر لاسایی منی کردۆتەوە، منیش ئەمەوێ لە رێی کلیپێکەوە گاڵتەی پێ بکەم و پێی بڵێم “هێی کچێ ئەوە چی ئەکەی بەسە کۆپی من مەکە”، ئەوەش شتێکی ئاساییە نابێ خەڵک بە نێگەتیف وەریبگرێ، ئیمێنێم کاتی خۆی لە هەموو گۆرانییەکانی گاڵتەی بەهونەرمەندانی تر ئەکرد.
دەشنێ لە بارەی پەیوەندی نێوان خۆی و هونەرمەند هەڵکەوت زاهیر و ئەگەری وەستانی کارکردنیان پێکەوە گوتی “خەڵکی بێ کار زۆرن و موئامەرەمان لە نێوان دەکەن، من عادەتم وایە زۆر زوو هەڵدەچم، هەر یەکێک بێت پێم بڵێت فلان کەس وای گووت توڕە دەبم، خەڵک زۆر موئامەرە دەکات، بەڵام من و هەڵکەوت زاهیر تێگەشتنێکی زۆر لە نیوانمان هەیە، بۆیە باوەڕ ناکەم بتوانن نێوانی ئێمە تێگبدەن”.
دەشنێ لە بارەی کاری رۆژنامەنووسانەوە گوتی “زۆری رۆژنامەنووسان تەنیا بۆ ئافەرینێک کار دەکەن، یا بۆ فرۆشتنی چەند دانەیەک زیاتر لە بڵاوکراوەکانی، رۆژنامەنووس بەرامبەر من دانیشتووە گوشاری خستۆتە سەرم تا من قسەیەک بکەم، ئەو چووە کردوویەتی بە تایتل و مەبەستێکی تری گەیاندووە، بۆ نموونە، رۆژنامەنووسێک پرسیاری لێکردم کە من لە گۆرانییەکدا دەڵیم “حەزم لە ماچی تۆ نییە”، ئایە من حەزم لە ماچی کوڕ نییە؟، منیش لە وەڵامدا گوتم “بۆ نا”، ئەمە تەنیا گۆرانییە، کەچی ئەو کردوویەتیە مانشێت و نووسیویەتی دەشنێ حەزی لە ماچی کوڕە، ئاماژەشی بەوە نەداوە کە ئەو پرسیاری لە من کردووە، یا لە دیمانەیەکی تردا لێیان پرسیم کە ئەگەر منداڵێکم ببێت حەزم ئەکەم ناوی “هەڵکەوت”ـی لێ بنێم، کەچی کردوویانەتە بەوەی کە دەشنێ منداڵەکەی ناو دەبێت هەڵکەوت، بە هۆی هەڵکەوت زاهیرەوە، بۆیە پێم باشە رۆژنامەنووسان بە سیقەوە کار بکەن تا ئێمەش بتوانین بە مورتاحی لەگەڵیان دانیشین و قسەیان بۆ بکەین، دەبێ ئەوان هەوڵدەن هونەرمەند و جەماوەر ئاشت کەنەوە نەک گرژی بخەنە نێوانیان، بۆیە من لێرەوە راستی دەکەمەوە کە من حەز دەکەم ناوی منداڵەکەم ناوێکی تازە بێت، حەز دەکەم ئەگەر کوڕ بێت ناوێکی شەڕانە بێت، نەک بەمەبەستی شەڕکردن، بەڵکو بەمەبەستی ئازادی و ئازایەتی.
زیاتر گوتی “ئەبێ رۆژنامەنووسان پرسیارێک لە خۆیان بکەن، کەس نییە لە وڵاتانی دونیا بەقەد کورد گۆڤار و رۆژنامەی هەبێت، لەگەڵ ئەوەش نرخی فرۆشتن وا هەرزان بێت، لە هەموو هۆڵەندا تەنیا 10 گۆڤار هەیە لەگەڵ ئەوەش هەموویان لە هەفتەیەکدا سەرووی 1 ملیۆن لە تیراژەکەیان دەفرۆشرێت، چونکە ئەوان بە پرۆفیشناڵی و بەمەبستی راستەوە کار دەکەن”.
دەشنێ موژدەی کردنەوەی تەلەفزیۆنێکی تەواو گەنجانە بڵاودەکاتەوەو گوتی “لەم تەلەفزیۆنە زۆر شتی تازە پیشان دەدەین کە هیچ تەلەفزیۆنی کوردی نەیتوانیووە ئەم جۆرە شتە پیشان بدات، تەلەفزیۆن هەیە پارەی خەیاڵی لە ژێر دەستەو کاری پێ دەکات بەڵام ناوەڕۆکیان سفرە و بەرنامەکانیان هەمووی تەقلیدین، داهێنانێکیان پێ نییە، بەڵام ئێمە خۆمان وا ئامادەکردووە کە کارێک بکەین گوێ لە گەنج بکەین، گەنج قسە بکات، پێشکەشکاری زۆر هەبێت نەک تەنیا یەک پێشکەشکار، زۆر ئەچینە نێو خەڵکەوە، نامەوێ زۆر شت بڵێم بەڵام ئێمە ئەچینە نێو خەڵک نەک وەک رادیۆ دانیشم لە بەیانی تا ئێوارە بڵێم من وا و من وا و بە ڕای من وا و بە لای من وا”.
دەشنێ گوتی ئەم ماوەیە زۆر هیلاک بووم، بۆیە لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێ خۆشەویستیەکانم ویستم بچم بۆ ماوەیەک گەشتێک بکەم و کەس نەبینم بۆ ئەوەی پشوو بدەم، بۆیە ئیتاڵیامان هەڵبژارد و چوین بۆ گوندێک بە حیساب پشوو دەدەین، بەختی ئێمە لەم گوندە فێستیفاڵێکی فیلم ئەنجامدرا، بەڵام لەم فێستیڤاڵە بەختێکی باشم هەبوو چونکە یەکێک لە گەورەترین ئەکتەرە جیهانییەکانی هۆلیوودم بینی لەوێ ئەویش “رۆبرت دینیرۆ و ڤالنتینۆ”.
دەشنێ گوتی ئەمەوێ رەنگم قاوەیی بێت چونکە لێم یەت، لەبەر ئەوە لە ئەوروپا زۆر ئەچمە بەر خۆر و ئەمەوێ رەنگی ئاسایی وەرگرم، چونکە رەنگی خۆم ئەسمەری تۆخەو بەهۆی چونە ئەوروپامەوەو نەبووی خۆری پێویست لەوێ رەنگم گۆڕاوە، ئەمەوێ بڕۆنز بڕۆنز بم، گەر وا نەبێ رەنگم دێز ئەبێت.
(کوردمیلۆدی)
|