| شازادەی پۆپی کوردی “دەشنێ موڕاد” کار بۆ ئەلبوومی سێیەمی دەکات |
| یەک شەممە, 25 تەمموز 2010 16:39 |
|
هونەرمەندی گۆرانیبێژ دەشنێ موڕاد دوای ئەوەی نازناوی شازادەی پۆپی کوردی و شاکێرای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە لایەن میدیا عەرەبی و جیهانییەکانەوە پێبەخشڕا رایگەیاند کە ئێستا خەریکی کارکردنە لە ئەلبوومی سێیەمی و پێی وایە ئەم ئەلبومەی وەک بۆمبێک دەتەقێتەوە. دەشنێ لە لێدوانێکی تایبەت بە (کوردمیلۆدی) گوت “ئێستا لە کوردستانم و کار لە ئەلبومی سێیەمم دەکەم، رەنگە خەڵکی بڵی “ئۆهــ” بەم خێراییەو ئەلبومی تازە؟!، بەڵام من دەمەوێ زیاتر لە ساڵێک خەریکی ئەو ئەلبومەم بم بۆ ئەوەی بتوانیم وەک شیکە واوا لیڤلێک و قۆناغێکی تر بچمە پێشەوە”.
زیاتر گوتی “تەنیا ئەوەندە ئاشکرا دەکەم کە لە نێو ئەلبومە تازەکەم گۆرانییەکم تۆمارکردووە بەناوی “کۆپی”، تیایدا گاڵتە بەو کچە دەکەم کە هەردەم کۆپیم دەکات و پێی دەڵێم “هێی کچێ چی دەکەیت ؟!، بەسە کۆپی من مەکە”. هاوکات دەشنێ هیوای سەرکەوتنی بۆ ماڵپەڕی (کوردمیلۆدی) خواست و گوتی “بەردەوام سەردانی دەکەم ئەویش بەهۆی گرنگیدانە بە هەواڵی هونەرمەندانی هۆلیوود، دیارە هیچ کام لە ماڵپەڕەکان نەیانتوانیوە گرنگی بەم لایەنە بدەن، هەر بۆیەش ماڵپەڕی (کوردمیلۆدی) توانی بەماوەیەکی زۆر کەم جێگای خۆی بکاتەوەو پێشەنگی زۆربەی ماڵپەڕە هونەرییەکان بگرێت، بۆیە هەست دەکەم ئەم ماڵپەڕە داهاتوویەکی زێڕینی دەبێت بەڵام دەبێ سەبر بگرێت”. دەشنێ موڕاد خاوەنی دوو ئەلبومی گۆرانییە بەناوەکانی (هێلا هۆپا) و (هۆم شیکە واوا)، توانی وەک یەکەم هونەرمەندی کورد قۆناغێکی تازە بخاتە نێو بواری کارکردن بەبڵاوبوونەوەی ڤیدیۆ کلیپێکی لە گەورە کەناڵی عەرەبی “رۆتانا”، ئێستاش خەریکی بەرهەم هێنانی ئەلبومێکی تازەیەو دەیەوێت ساڵێک کاری تێدا بکات. |